قامشلۆ.. یادکردنەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە هێرشەكانی تورکیا و “داعش” شەهید بوون
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکێتی رۆژنامەنووسانی ئازاد (یەکێتی ڕۆژنامەوانی لە رۆژئاوای كوردستان) یادی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کردەوە کە لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشەکانی تورکیا و داعش بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان گیانیان لەدەستدا.
بە بۆنەی پێنجەمین ساڵڕۆژی شەهید بوونی چوار ڕۆژنامەنووس لە کاتی ڕووماڵکردنی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر سەرێ كانیێ و گرێ سپی، مەراسیمێکی یادکردنەوە، لە گۆڕستانی “شەهید دەلیل ساروخان” لە قامشلۆ بەڕێوەچوو.
یەکێتی رۆژنامەنووسانی ئازاد لە بەیاننامەیەکدا، لە میانی مەراسیمی یادكردنەوەی ئەو شەهیدانە خوێندیەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، “دەوڵەتی تورکیا هاوپیشەكانی ئێمەی بە فڕۆکە و چەکی پێشکەوتوو لەکاتی روماڵكردنی ڕووداوەکان کردۆتە ئامانج، ئەویش لە ترسی ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا و تاوانەکانی جەنگ” كە لەدژی كوردانی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامیدا.
ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە بۆردومانەکەی تورکیادا گیانیان لەدەستدا ” سەعد ئەحمەد، محەممەد رەشۆ، وڵات ئەردەمجی و دلۆڤان کفر” بوون.
یەکێتی میدیای ئازاد، یادی سێ رۆژنامەنووسی دیكەی كردەوە كە كاریان بۆ ئاژانسی “هاوار” دەكرد، بەناوەكانی “دڵژان ایبیس و هۆگر محەممەد و رزگار دەنیز” کە حەوت ساڵ لەمەوبەر لەکاتی ڕووماڵکردنی هێرشێکی داعش بۆ سەر هاوڵاتیانی سڤیل کە لە ناوچەكە شەهید بوون.