بۆ دووەم ڕۆژ لەسەر یەک.. “داعش” بارهەڵگرەكانی نەوت دەکاتە ئامانج

دێرەزوور – نۆرس پرێس

چەکدارانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بارهەڵگری نەوتیان لە شارۆچکەیەكی دێرەزووری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج.

سەرچاوەیەک لە شارۆچکەی روێشدی باکووری دێرەزوور ڕایگەیاند، چەکدارانی داعش كە بە ماتۆڕسکیلەوە هاتبوون، تەقەیان لە بارهەڵگرەكانی نەوت كرد لە بیابانی روێشد لە گوندەواری دێرەزوور.

هێرشەکە زیانی ماددی بە دوو بارهەڵگر گەیاندووە و یەکێکیان بە تەواوی سوتا، هاوکات هێرشبەرەکان بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتن.

هەروەها دوێنێ شەممە، چەکدارانی نەناسراو بارهەڵگری نەوتیان لە نزیک ناوچەی مەكمنی سەر بە ناحییەی ئەبو خەشاب لە ڕۆژئاوای دێرەزوور کردە ئامانج، و هێرشەكە زیانی ماددی لێکەوتەوە، دوای ئەوەش ڕێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان