هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بارەگاکانی ئێرانی لە دێرەزۆر بۆردومان دەكات

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی شەممە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە بنکەی کۆنیکۆ جێگیر كراون، بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەک، بارەگا سەربازییەکانی میلیشیاكانی ئێرانیان لە دێرەزوور بۆردومان کرد، ئەویش دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هێرشێکی مووشەکی كرایە سەر هاوپەیمانان لە بنكەكەدا.

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بارەگای لیوای قودسی سەر بە ئێرانی لە شارۆچکەی جفرای نزیك دێرەزوور کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی ماددی بەرچاوی لێکەوتەوە.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دیكەی هاوپەیمانان دوو هێرشی دیکەیان كردە سەر بارەگای سپای پاسدارانی ئێران، لە ناوچەی حەویجە سەکر، و ڕەحبە لە دێرەزوور، بەهۆیەوە زیانی مادی گەورەی لێكەوتەوە.

دوو موشەكیش كە لەلایەن هاوپەیمانان ئاڕاستەكرابوون، کەوتوونەتە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی شارۆچکەی ئەلبولێل لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان