هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵوەشاندنەوەی شانەیەکی داعش لە رەقە ڕادەگەیەنن

رەقە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەد” دەستگیرکردنی سێ ئەندامی ڕێکخراوی داعشیان لە شاری رەقەی باکووری سوریا ڕاگەیاند، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی شانەیەكی ئەو رێكخراوەیە كە چەكی بەسەر ئەو ئەندامانە دابەش دەكرد.

“هەسەدە” لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی خۆیدا ڕایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە لە ٦ی ئۆکتۆبەردا ئەنجامدرا، تێیدا “ئوسامە خالد عۆدە”، “عەلی ئەحمەد شاووش” و “ئیبراهیم محەممەد خیر غالییە دەستگیركران”.

ئۆپەراسیۆنەکە بە پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەنجامدرا، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شانە دەستگیرکراوەکە، چەكیان وەردەگرت و بەسەر ئەندامانی داعش دابەشیان دەكرد، “بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی دژی هێزەکانمان و هاوڵاتیانی مەدەنی و دەزگا خزمەتگوزارییەكان لە ناوچەکەدا”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێزەکانی بەشداربووی ئۆپەراسیۆنەکە دەستیان بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی و تەکنیکیدا گرتووە کە لەبەردەستی شانەکەدا بوون.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە