دۆزینەوەی دووەم ژنە ئێزیدی لە کامپی هۆل
حەسەکە- نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، یەکینەکانی پاراستنی ژنانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە ئەمنییەی لە کامپی هۆل لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکە دەستیانپێکردووە، دووەم ژنی ئێزدییان دۆزیەوە.
لەم دواییەدا، بە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی لە کامپی هۆل، هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ قۆناغی دووەمی هەڵمەتی “ئاسایش و مرۆڤایەتی”یان دەستپێکرد، هەڵمەتەکە پێی ناوەتە بیستەمین ڕۆژی خۆی.
هیچ وردەکارییەک لەبارەی دۆخی ئەو ژنە ئێزدییە نەخراوەتەڕوو؛ وردەکاری دۆزینەوەش جارێ نەزانراوە، وا چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا لایەنە پەیوەندیدارەکان راگەیاندنێک لەمبارەوە دەربکەن.
لە نۆیەمین ڕۆژی هەڵمەتی ئەمنیدا لایەنە پەیوەندیدارەکان ژنێکی ئێزدیان لە کامپەکە دۆزیەوە، کە لەلایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە هەرەشەی لێکرابوو، بۆ شاردنەوەی ناسنامەکەی.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، یەکینەکانی پاراستنی ژنان چوار ژنیان بە زنجیرکراوی، ئازاد کرد کە رێکخراوەکە ئەشکەنجەی دابوون.