قامشلۆ… دەنگی تەقینەوەیەك لە نزیک فڕۆکەخانەی شارەکە بیسترا

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز لە نزیك فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان بیسترا.

شایەتحاڵێک بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، موشەكێك لە باکووری فڕۆكەخانەكە كەوتە خوارەوە، چالاکوانانیش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وێنەی موشەكەكەیان لە ئاسمانەوە بڵاوکردووەتەوە.

شایەتحاڵێکی دیکە رایگەیاند، مووشەکەکە “ئۆتۆمبێلێکی کردۆتە ئامانج بەڵام بەر ئۆتۆمبێلێکە نەكەوت “، پێشبینیش دەکات كە ئەو موشەكە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە هاتبێت.

فڕۆکەخانەی قامشلۆ هێزەکانی ڕوسیا و سوریای تێدایە و دەوترێت میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە دەوروبەری فڕۆكەخانەكە جێگیرکراون بەو پێیەی فڕۆكەخانەكە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقە.

تا ئێستا هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان هیچ لێدوانێکی لەسەر ڕووداوەکە نەداوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد یازجی