١٧٥ خێزانی عێراقی کەمپی هۆلی بەجێدەهێڵن
گوندەواری حەسەكە – نۆرس پرێس
ڕۆژی چوارشەممە، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی بەغدا 175 خێزانی عێراقی کەمپی هۆلیان لە باشووری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان بەجێهێشت.
لەدوای دەستپێکردنی هەماهەنگی نێوان حکومەتی عێراق و بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان، ئەمە 18ەمین كاروانە، و چوارەم كاروانی ساڵی 2014 یە.
سەرچاوەیەک لە کەمپی ئەلهاول بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، پرۆسەی دەرچوونی ئەو خێزانانە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە.
پێشتریش کەریم نوری، یاریدەدەری وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، “ئەو کەسانەی کە مەلەفی ئەمنی و دەستیان هەیە لە رشتنی خوێنی عێراقییەكان ناتوانن بگەڕێنەوە وڵات”، وەك ئاماژەدان بەو عێراقییانەی لە كەمپی هۆڵی رۆژئاوای كوردستانن.
کەریم نوری، ئاماژەی بەوەشكردبوو، نزیکەی 54 هەزار کەس لە کەمپی هۆل هەن کە 20 هەزار کەسیان عێراقیین، و تا ئێستا چوار هەزار عێراقی گەڕاونەتەوە وڵات.
کەمپی هۆل دەکەوێتە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکانی داعـ/ـش لەخۆوە دەگرێت، دوای کۆتایی پێ هێنانی خەلافەتی داعـ/ـش لە رۆژئاوای کوردستان لەسەر دەستی هێزە کوردەکانی سوریای دیموکرات، جەند کەمپێک لە رۆژئاوای کوردستان دروستکرا بۆ ئەوەی خێزان و منداڵەکانی داعشی تێدا نیشتەچێ بکرێت، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوام داوا لە وڵاتان دەکان هاوڵاتییەکانیان بگەڕێنەوە، چونکە ئەم کەمپانە بونەتە وەک بۆمبێکی کات بۆ داندراو رەنگە لەهەر کاتێک بتەقێتەوە و داعـ/ـش دووبارە لە ناوچەکە سەرهەڵبداتەوە.