هێرش كرایە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەو سێشەممە – چوارشەممە، چەند هێرشێک كرایە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە دێرەزوور، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر بارەگاییەكی هێزەکانی سوریای دیموكرات، لە دەوروبەری شارۆچکەی روێشدی باکووری دێرەزوور، لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

هاوکات سەرچاوەیەکی سەربازی ڕایگەیاند، دوو چەکداری نەناسراو بە ماتۆڕسکیلێکەوە و بە چەکی کڵاشینکۆفة تەقەیان لە دوو ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات كرد، لە نزیک گوندی حەریزەی سەر بە شارۆچکەی سەبحای گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر، لە ئەنجامدا یەکێك شەهیدبوو و ئەوەی دیكە برینداربوو.

دوێنێ میلیشیاكانی سەر بە ئێران هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی “هەسەدە” لە شارۆچکەکان؛ تەیانە، زێبان و ئەلزەر لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور و پێکدادان لە نێوانیاندا ڕوویدا، و میلیشیاكان بەرەو ناوچەکانی ڕۆژئاوای فوراتەوە هەڵاتن.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان