هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و میلیشیاكانی ئێران بارەگاكانی یەكتر لە دێرەزوور بۆردومانی دەكەن
دێرەزوور – نۆرس پرێس
شەوی چوارشەممە، میلیشیاكانی ئێران لە دێرەزوور، بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان لە کێڵگەی نەوتی کۆنیکۆی باکووری دێرەزوور کردە ئامانج، هاوکات هێزەکانی هاوپەیمانان دوای چەند خولەکێک ئەو شوێنەیان بۆردومان كرد كە هێرشەكەی لێ ئەنجامدرابوو.
سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە شارۆچکەی عەزبییەی نزیک كێڵگەی کۆنیکۆ، لە باکووری دێرەزوور، ڕایگەیاند، ژمارەیەك مووشەک کە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای فوراتی ژێر دەسهەڵاتی حكومەتی دیمەشق و میلیشیاكانی ئێران ئاڕاستە كرابوون، کێڵگەی کۆنیکۆی هێزەکانی ئەمریکایان بۆردومان كرد.
سەرچاوەیەکی سەربازی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، چەكەكانی دژە موشەكی زەمینی لە بنکەکەدا بەرپەرچی موشەكەكانیان دایەوە و لە ئاسمان تەقێندرانەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان دەستبەجێ دوای، کۆگایەکی چەک و سەکۆیەکی مووشەکیان لە شارۆچکەی عەیاشی ڕۆژئاوای دێرەزوور بۆردومانكرد.