“ئاسایش” دەرئەنجامی ئۆپەڕاسیۆنێكی ئەمنی ئاشکرا دەکات کە لە شاری حەسەكە ئەنجامی داوە

حەسەكە – نۆرس پرێس

درەنگانی دوێنێ سێشەممە، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان، ئەنجامی ئۆپەڕاسیۆنێكی ئەمنییان لە گوندەواری باشووری شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان ڕاگەیاند.

لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “٥٤ ئەندامی باندێكیان” دەستگیرکرد.

دوێنێ فەرماندەیەکی مەیدانی بەشدار لە ئۆپەڕاسیۆنەكەدا بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دوای داواکاری سەرۆك هۆز و خەڵكی ناوچەكە، گوایە حاڵەتی وەرگرتنی سەرانە و ڕفاندن و کوشتن زیادی كردووە، دەستیان بە ئۆپەڕاسیۆنەكە كرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئاسایش دەستیان بەسەر ٣٧ کڵاشینکۆف و ٢٠ دەمانچە و چەكی ڕاوکردن و فیشەك و بۆمب و كەلوپەلی سەربازی گرتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەل دەستگیرکراوەکان دەكرێت، دواتر رەوانەی دادگا دەكرێن.

داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد