“ئاسایش” کۆتایی بە هەڵمەتێکی ئەمنی لە حەسەکە دەهێنێت و دەیان داواکراو دەستگیر دەکات
حەسەكە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان، کۆتاییان بە ئۆپەڕاسیۆنێكی ئەمنی هێنا، کە دوێنێ لە گوندەواری باشووری شاری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان دەستیپێکرد، دەیان داواکراویان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر ژمارەیەك چەکی بێ مۆڵەتدا گرت.
فەرماندەیەکی مەیدانی لە ئۆپەڕاسیۆنەكەدا بە پەیامنێری نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دوای داواکاری سەرۆك هۆز و خەڵكی ناوچەكە، گوایە حاڵەتی سەرانە و ڕفاندن و کوشتن زیادی كردووە، دەستیان بە ئۆپەڕاسیۆنەكە كرد.
ئۆپەڕاسیۆنە ئەمنییەكەدا، گوندەواری شارەکانی حەسەكە و شەدادی و شارۆچکەی عەریش و گوندەکانی دەوروبەریان گرتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، دەیان کەسیان دەستگیرکردووە کە داواکراون بە تۆمەتی دزی و وەرگرتنی سەرانە و ڕفاندن و بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، ئەمە جگە لەوەی دەستیان بەسەر بڕێک چەکی بێ مۆڵەتدا گرتووە.
ئەو فەرماندەی مەیدانییە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا “ئاسایش” وردەكاری زیاتر دەخاتە روو.