هێرشكرایە سەر میلیشیاكانی ئێران لە ناوەڕاستی سوریا

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی سێشەممە، لە هێرشێکی داعشدا لە بیابانی ڕۆژهەڵاتی حومسی ناوەڕاستی سوریا، سێ ئەندامی میلیشیاكانی ئێران کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

سەرچاوەیەکی سەربازیی نزیک لە سپای پاسدارانی ئێران بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، چەکدارانی ڕێکخراوەکە بە چەكی سوك و مامناوەند هێرشیان كردە سەر كاروانێكی سەربازی سوپای پاسداران لەسەر ڕێگای حومس/تەدموڕ.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامدا پێکدادان لەنێوان هەردوولا ڕوویدا و سێ ئەندامی ” سپای پاسداران “ی ئێران کوژران کە یەکێکیان ڕەگەزنامەی عێراقییە و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون، دوای ئەوە ئەندامانی ڕێکخراوەکە بەرەو قووڵایی بیابانی تەدموڕ کشانەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، كاروانەكە بەرەو ناوچەی كەباجب لە باشووری دێرەزوور دەڕۆیشتن، بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتێکی فراوان دژی شانەکانی ڕێکخراوەکە لە بیابانی شارۆچکەکە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان