٨٦ هەزار کەس كە لە شەڕی لوبنان هەڵاتوون گەیشتونەتە خاکی سوریا
دیمەشق – نۆر پرێس
ژمارەی هاتنی لوبنانییەکان بۆ نێو خاك سوریا گەیشتە زیاتر لە 86 هەزار کەس، هاوکات ژمارەی ئەو سورییانەی لە لوبنانەوە گەڕاونەتەوە 233 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەمەش لە دوای چڕبوونەوەی هێرشەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر باشووری لوبنان.
میدیای عەرەبییەكان لەسەر زاری سەرچاوەیەک لە بەشی کۆچ و پاسپۆرتی حکومەتی دیمەشق بڵاویانکردەوە، ئەوانەی دوێنێ یەکشەممە چوونەتە ناو سوریا، ژمارەیان سێ 3651 هاوڵاتی لوبنانی بوونە و 5317 سوریش لە لوبنانەوە گەڕاونەتەوە.
لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ڕابردوودا، فیلیپۆ گراندی، کۆمیساریای باڵای پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، نزیکەی سەد هەزار کەس لە لوبنانەوە بەرەو سوریا هەڵاتوون بۆ ئەوەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل ڕزگاریان بێت.
گراندی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، “ژمارەی ئەو کەسانەی لە لوبنانەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل پەڕینەوە بۆ ناو خاكی سوریا، گەیشتنە سەد هەزار کەس و بەردەوام ژمارەكە بەرز دەبێتەوە”.