دەنگۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە گوندەواری حەلەب هەیە
ئیدلب – نۆرس پرێس
سەرچاوەیەکی سەربازی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ئەمڕۆ یەکشەممە بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرای پێشوو) خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە گوندەواری حەلەب ئامادە دەکات، ئەوەش لەدوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و میلیشیاكانی ئێران لە سوریا.
فەرماندەیەکی سەربازی لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی “فەتح ئەلموبین” کە میلیشیایەكی توندڕەوە و هاوپەیمانی دەستەی تەحریر شامە، ئاماژەی بەوەشکرد، كە دەستیان بە ئامادەکارییەکان كردووە.
هەروەها ئاگاداری سەربازی لە ناوچەکانی گوندەواری ڕۆژئاوای حەما كرا، و لە چیای زاوییەی باشووری ئیدلب و تەفتەناز و نیرۆب و سەراقب هێزەكان كەوتنە ئامادە باشییەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامادەکارییەکان بە ڕەزامەندی تورکیا دەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەبارەی کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە بخاتەڕو.
سەرچاوە خۆجێییەکان بە پەیامنێری نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، دانیشتوانی هەندێک لە گوندەکانی نزیك لە میحوەرەكان شەڕ ئاوارەبوون.
فڕۆكەی جەنگی و بێفڕۆكەوانەكان لە بەرەبەیانەوە بەسەر باكووری رۆژئاوای سوریادا دەسوڕێنەوە، کە هێزەکانی حکومەتی دیمەشق ئەوە دوو مانگە بەردەوام بۆردومانی دەكەن.