“بەرەی نوسرا” ئەو پەنابەرە سووریانەی لە لوبنانەوە دەگەڕێنەوە دەستگیر دەکات

ئیدلب – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، دەزگای ئەمنی دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرەی پێشوو) 13 کەسی دەستگیرکرد بە تۆمەتی کارکردن بۆ حزبوڵای لوبنان، کە لە نێویاندا پێنج ژنی پەنابەری سوری بوون لە لوبنان گەڕاونەتەوە بەهۆی شەڕ و بۆردومانەكان.

رۆژی هەینی، میلیشیاكانی “سوڵتان موراد” و “بەرەی شامییە”ی سەر بە توركیا، هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان دژی ئەو ئاوارانەی لە لوبنانەوە گەڕاونەتەوە ئەنجامدا، لە دەروازەی “عەون دادات”ی لە گوندەواری جەرابوڵوس لە باکووری شاری حەلەب، كە ژمارەی دەستگیركراوان گەیشتە ٩٥ کەس.

سەرچاوەیەکی لە دەزگای ئەمنی سەر بەو میلیشیانە لە شاری ئیدلب بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، هەندێک لە دەستگیرکراوەکان گواستراونەتەوە بۆ زیندانی حەرەم، ئەویش “دوای ئەوەی كە سەلمێندرا كاریان بۆ حزبوڵڵا كردووە”

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژن و پیاوە ئاوارانە سەرەڕای ئەوەی لە دەروازەی عەون دادات پشکنینی ئەمنییان بۆ دەکرێت، هەواڵگری تورکیاش پشکنینی ئەمنییان بۆ دەكات، بۆ “پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا”.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: ماڵی محەممەد