دەیان هاوڵاتی سوری کە لە شەڕی لوبنان هەڵاتوون گەیشتنە كەمپەكانی حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان

حەسەكە – نۆرس پرێس

دەیان پەنابەری سووریا کە لە شەڕی لوبنانەوە هەڵاتوون، گەیشتنە کەمپی سەرێ كانیێ لە شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان، زیاتر لە 16 هەزار و 243 هاوڵاتی سوری و لوبنانی کە لە شەڕ هەڵاتوون، گەیشتوونەتە ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.

ئەحمەد شێخۆ، دانیشتووی گوندی عەرێشەی گوندەواری سەرێ كانیێ، کە لە دوای لەشکرکێشی تورکیا و میلیشیاكانی بۆ سەر شاری سەرێ كانیێ لە ساڵی ٢٠١٩ خۆی و خێزانەكەی ئاوارەی پەنابەری لوبنان بوون، ڕایگەیاند کە “بە ناچاری ناوچەکەیان خۆیان لە لوبنان بەجێهێشتووە بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیل”.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای چوار ڕۆژ لە ئاوارەبوونمان لە ناوچەی بوقاع لە باشووری لوبنان، بە مەبەستی مانەوە لەگەڵ خەڵکی شارەکەمان رومان لە شاری حەسەكە كرد.

سەلوە سولوە جەجۆ، هاوسەرۆکی کەمپی سەرێ كانیێ ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا 36 خێزانی سوری لە لوبنانەوە هاتونەتە کامپەکە.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئاوارەکان ٢٠٠ کەسی تێپەڕاندووە کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

ئاماژەی بەوەشکرد، “سەرەڕای داواکاریمان لە ڕێکخراوەکان بۆ دابینکردنی خێمە و پێداویستی بۆ ئاوارەكان، بەڵام بێ سوودە و بەهۆی لاوازی تواناکان و نەبوونی شوێن و خێمەی پێویست ناتوانین ئاوارەی زیاتر وەربگرین”.

 ئامادەکردنی: دلسوز یوسف – داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە