ئەندامێكی “هەسەدە” لە شاری عامودێ شەهیدبوو
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ هەینی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” ڕایگەیاند، ئەندامێكی هێزەكانیان، بەهۆی هێرشی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیا، لە شاری عامودێی ڕۆژئاوای كوردستان شەهید بوو.
هەر دوێنێ، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان رایانگەیاند، لە بۆردومانی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی تورکیا لە گوندەواری قامشلۆ، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا “هەسەدە” ڕایگەیاندووە، “رۆژی پێنجشەممە، ساڵح هەیسەم خەلیل، لە هێرشێكی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لەکاتی ئەركەكەیدا گیانی لەدەستدا”.
“هەسەدە” بەیاننامەکەدا ڕوونیشی کردەوە کە تورکیا و میلیشیاكانی، هێشتا بەردەوامن لە هێرشكردن بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێرشانە هیچ بنەمایەكی ئەخلاقی و مرۆیی و یاسایییان نیە.
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا، “هەسەدە” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو ئەندامەی كرد، و راشیگەیاند کە تۆڵەی هەموو ئەو شەهیدانە دەكەینەوە لە داهاتوودا.