بۆردومانێک کۆگایەکی چەکی لە جەبلە کردە ئامانج

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکەی جەنگی کە پێدەچێت سەر بە ئیسرائیل بن، هێرشیان كردە سەر جەند شوێنێك لە نزیک بنکەی “حمیمیم”ی ڕووسیا لە گوندەواری لازقییە لە کەناراوەکانی سوریا.

ئاژانسی “سپۆتنیک”ی ڕووسیا ڕایگەیاند، “بەرگرییە ئاسمانییەکانی سوریا بەرپەرچی ئامانجێكی دوژمنیانەیان دایەوە لە کەناراوەکانی شاری جەبلەی گوندەواری لازقیە.”

سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاند، هێرشەكە کۆگایەکی چەکی لە نزیک فڕۆکەخانەی لازقییە كردە ئامانج.

ئەم هێرشە دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشێكی ئیسرائیلی هات، کە باڵەخانەیەکی لە گەڕەکی ئەلمەزە لە ڕۆژئاوای دیمەشق کردە ئامانج و بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

تا ئێستا حکومەتی سوریا هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بە هێرشەکە بڵاونەکردۆتەوە و میدیا فەرمییەکانی سوریاش خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە بەدوور گرتووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد