بۆمبێكی چێنراو بە لیوای قودسی سەر بە ئێران لە شاری دێرەزوور تەقییەوە
دێرەزوور- نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی، دوو ئەندامی لیوای قودسی سەر بە ئێران کوژران و کەسانی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوەیەکی سەربازی سەر بە میلیشیاكانی ئێران ئاشکرای کرد، بۆمبێكی چێنراو لە نزیک بارەگای لیوای قودس دانرابوو، لە كاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە شارۆچكەی سالحییەی گوندەواری ئەلبوكەمال تەقیوەتەوە.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامدا دوو ئەفسەر بەناوەكانی “عیماد عەواد” و “ناجی ئەحمەد”، كوژران، هەروەها سێ کەسی دیکەش برینداربوون، و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی لە ئەلبوكەمال.
ئەو سەرچاوەیە پێیوابوو کە بۆمبەكە بە هاوکاری یەکێک لە ئەندامانی ئەو لیوایە چێنراوە.