ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد لە سوریا: داواکاری دەركردنی میلیشیای “عەمشات” لە هاوپەیمانی تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، فەیسەڵ یوسف، وتەبێژی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، داواکارییەکەیان سەبارەت بە لێپرسینەوە و دەركردنی میلیشیای “عەمشات” لە هاوپەیمانی “هێشتا جێبەجێ نەکراوە”.

لە 19ی ئەیلولەوە ، ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا، بەشداری لە  کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نەكرد، ئەمەش وەك كاردانەوەیەك لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی میلیشیای جەیش وەتەنی سەر بە توركیا لە عەفرینی داگیركراو.

فەیسەڵ یوسف ئاماژەی بەوەشکرد، داواکارییەکەیان بۆ لێپرسینەوە لەگەل میلیشیای “عەمشات” هێشتا بەردەوامە، و تا ئێستاش نوێنەرانی كورد بەشدارییان لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نەكردووە.

یوسف پێیوابوو ئەو پێشێلکاریانەی کە لە “دژی گەلەکەمان لە عەفرین ئەنجام دەدرێن بەها و ئامانجەکانی شۆڕشی سوریا تێدانیە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە