چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان سوپای عێراقی خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
لەدواى چڕبوونەوەى هێرشەکانى ئیسرائیلە بۆسەر لوبنان و کوشتنى حەسەن نەسروڵا، ئەمیندارى گشتى حیزبوڵاى لوبنان و چەند سەرکردەیەکى ئەو حیزبە لەلایەن ئیسرائیلەوە، عێراق سوپاى خستۆتە حاڵەتى ئامادەباشییەوە.
وەزارەتى بەرگریى عێراق رایگەیاند، عەبدولئەمیر یارەڵا، سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق، و سەرکردەى هێزەکانى وشکانى، ئاسمانى، فرۆکەوانیى سوپا و بەرگریى ئاسمانیى بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ئەمنیی ناوچەکە و مەترسییەکان كۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێى تواناى دامودەزگاکان کراوە، لە دابینکردنى ئارامى و ئاسایش بۆ وڵات و رووبەرووبوونەوەى هەر ئەگەر و پێشهاتێکى لەناکاو.
کۆبوونەوەکەى وەزارەتى بەرگریى عێراق لەدواى چڕبوونەوەى هێرشەکانى ئیسرائیلە بۆسەر لوبنان و کوشتنى حەسەن نەسروڵا، ئەمیندارى گشتى حیزبوڵاى لوبنان و چەند سەرکردەیەکى ئەو حیزبە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان، عێراقى بە وڵاتى شەڕ ناوبرد و ناوبەناویش گروپەکانى مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق، هێرش دەکەنە سەر خاکى ئیسرائیل.