بەڕێوبەرایەتی خۆسەر نرخی هەر تۆنێک لۆکەی بە 600 دۆلاری ئەمریکی دیاریكرد
حەسەکە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان، نرخی کڕینی هەر تۆنێك لۆكەی بە 600 دۆلاری ئەمریکی دیاریکرد.
دەزگا گشتییەكانی لۆگە رایانگەیاند، نرخی یەک تۆن لۆكە بە 470 دۆلاری ئەمریکییە، لەگەڵ زیادکردنی ڕێژەی قازانج بۆ جووتیاران، نرخەكەی دەگاتە 600 دۆلار.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەرگرتنی بەروبوومەکە لە یەكی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو دەستپێدەکات، بەو پێیەی سێ ناوەندی سەرەکی تەرخانکراوە بۆ وەرگرتنی بەرهەمەکان لە پارێزگاکانی رەقە، دێرەزوور، و حەسەكە.
بەپێی دەزگای چاودێری لۆكە، ئەو ناوچانەی لە وەرزی کشتوکاڵی ئێستادا لۆكەیان چاندووە دەگاتە 425 هەزار دۆنم.
وەلا محەممەد، هاوسەرۆکی دامەزراوەی لۆكە لە رۆژئاوای كوردستان لەلێدوانێكیدا بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندبوو، پێشبینی دەکرێت لەنێوان 75 بۆ 100 هەزار تۆن لۆگە لەو ناوەندانە لە جوتیاران وەربگیرێن.
لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، محەممەد دەخیل هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر، و جێگرەکەی، ئەحمەد یونس، بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندبوو کە تەواوی بەرهەمی گەنم و لۆكە لە جوتیاران دەكڕینەوە.