تەقینەوەی مۆتۆڕسکیلێک لە کامپێکی ئاوارەکان
حەسەکە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، لە کامپی واشۆکانی بۆ ئاوارەکان، لە ڕۆژئاوای حەسەکە، لە ئەنجامی تەقینەوەی مۆتۆڕسکیلێکدا، کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون کە ژن و منداڵیان تێدایە.
شایەتحاڵێک لە شوێنی تەقینەوەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، مۆتۆڕسکیلەکە لە نزیک خاڵێکی پزیشکی مانگی سووری کوردی تەقیوەتەوە، بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەلحیکمە لە شاری حەسەکە.
هەمان شایەتحاڵ رایگەیاندووە کە تەقینەوەکە لە کاتژمێرەکانی بوونی کارەبادا لە کامپەکە ڕوویداوە، بۆیە “زۆربەی دانیشتووان لە خێوەتەکانیاندا بوون، ئەگەر نا ژمارەی قوربانییەکان زیاتر دەبوو.”
سەرچاوەیەكی پزیشكی لە مانگی سووری كوردی لە كامپەكە ئاشكرای كرد، لە نێو بریندارەكاندا محەممەد عەلی (تەمەنی 9 ساڵ) كە ملی برینداربوو، ئامینە محەممەد عەلی (25 ساڵ) كە گوێی برینداربوو ، هەروەها ساڵح مەحمود ئەلئەحمەد (23 ساڵ)هەبوون، هیچ زانیارییەک لەبارەی چوارەمین کەسی بریندار لەبەردەستدا نەبوو. تەقینەوەکە زیانی ماددی بە ئۆتۆمبێلێک گەیاندووە کە لە نزیک شوێنی تەقینەوەکە ئامادەبووە.