تورکیا هێزی سەربازی زیاتر دەنێرێتە باکووری ڕۆژئاوای سووریا

ئیدلب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە سەرچاوە سەربازییەکان بۆ نۆرس پرێس رایانگەیاند، سوپای تورکیا هێزی سەربازی زیاتری ڕەوانەی بنکەی سەربازی خۆی كرد لە گوندی “مستۆمە”ی باشووری ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا.

ئەو هێزانەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە بنكەكە، ١١ بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی سەربازی بوون.

کارگێڕێک لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی “ئەلفەتح ئەلموبین” ڕایگەیاند، لە ١٧ی ئەیلولەوە تا ئێستا، سوپای تورکیا دەیان بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی سەربازی ناردۆتە خاڵەکانی چاودێری لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا.

بە وتەی ئەو کارگێڕە، تا ئێستا 52 ئۆتۆمبێلی سەربازی و بارهەڵگر كە كەرەستەی سەربازییان هێنابوو گەیشتونەتە باکووری ڕۆژئاوای سوریا.

ئەم كەرەستە سەربازییانەش بەسەر خاڵەکانی چاودێری لە ڕێگای نێودەوڵەتیM5 ، و میحوەری سەراقب و تفتناز لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب و ڕۆژئاوای حەما، و خاڵەکانی چاودێری لە جەبەل سەمعانی نزیک شاری ئەتارب لە ڕۆژئاوای حەلەب دابەشکراون.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد