ئاشتەوایی رووسی: چەکدارانی نوسرە سێ هێرشیان لە ناوچەکانی ئاگربەست ئەنجامداوە
ئیدلیب – نۆرس پرێس
شەوی یەکشەممە، ناوەندی ئاشتەوایی ڕووسیا، لە بنکەی حمێمیم، لە سووریا، رایگەیاند، چەکدارانی هەیئەی تەحریر شام ( جەبهەی ئەلنوسرەی پێشوو)، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا سێ هێرشیان لە ئیدلب، باکووری رۆژئاوای سووریا ئەنجامداوە.
لیوا ئۆلیگ یێگۆرۆڤ، جێگری بەرپرسی ناوەندەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی جەبهەی نوسرە سێ هێرشی مووشەکییان لە ناوچەی ئاگربەست لە ئیدلیب ئەنجامداوە، کە سەرچاوەی ئەو هێرشە لە پێگەکانیانەوە بووە لە پارێزگای ئیدلب.”
پێنجشەممەی رابردوو ناوەندی ئاشتەوایی ڕایگەیاند کە هێزەکانی ڕووسیا “زیاتر لە 20 تیرۆریستیان لەناوبردووە؛ لە نێویاندا یەکێک لە سەرکردەکانی ڕێکخراوەکە هەیە، کە سەرکردەی (کەتیبەی تەوحید و جیهاد)؛ سیراجەدین موختارۆڤ”.
هەر پێنجشەممەی رابردوو، 7 کەس کوژران، و 12ی دیکەش بریندار بوون، لە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیادا بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانی گوندەواری رۆژئاوای ئیدلیب.
هەفتەی رابردوو، ناوەندەکە کوژرانی سەربازێکی سووری و برینداربوونی دوو کەسی دیکەی راگەیاند، بە بۆردومانێکی ئەندامانی تەحریر شام لە ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا.
ناوچەکانی ئاگربەست لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا پەرەسەندنی سەربازی و بۆردومانی دوولایەنە لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا، بەخۆوە دەبینن، هاوکات لەگەڵ بەئامانجکردنی ناوچەکانی کۆنترۆڵکردنی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزی تورکیا لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیاوە.