بەڕێوبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان تەواوی پارەی گەنمی جووتیارانی شاری کۆبانێی دابەشكرد

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نووسینگەی پارە و پارەدان، لقی کۆبانێی سەر بە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوای كوردستان، تەواوی  پارەی گەنمی جووتیارانی خەرجکرد، كە لە سایلۆکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەرییەوە وەرگیرابوون.

فەتحی موسلیم، بەڕێوەبەری بەشی كارەكانی بانكی لە فەرمانگەی پارە و پارەدانی کۆبانێ، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، “کۆی ئەو بڕە پارەیەی کە درایە جووتیاران نزیکەی سی ملیۆن دۆلار بوو”.

ئاماژەی بەوەشکرد، پارەی گەنمی جوتیاران بە دۆلار خەرجكران، جگە لەو بڕە پارانەی کە کەمتر بوو لە سەد دۆلار، ئەویش بە لیرەی سوری خەرجكران.

موسلیم ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانگەی پارە و پارەدان لە کۆبانێ لە چواردەی مانگی تەمموزی ڕابردوودا دەستیکردوە بە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران و ئەمڕۆ تەواوی پارەكانی بۆ جوتیاران خەرجكرد.

موسلیم ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕە پارەیە بە (3848) پسولە خەرجكران، هەروەها ئەو گەنمانەی كە لە جوتیاران وەرگیران، بەسەر سایلۆکانی (روفی، سەرین، جەلەبییە) دابەشکراون.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: سەعد یازجی