ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سوێد.. پێنج کورد دەبنە ئەندام پەرلەمان

هەولێر- نۆرس پرێس

بەپێی ئەنجامە بەرایییەکانی هەڵبژاردنی سوێد، پارتە راستڕۆکان بە جیاوازیی سێ کورسی پێش پارتە چەپەکان کەوتن و 176 کورسی لە 349 کورسییەکەی پەرلەمان بەدەستدەهێنن. هەر بەپێی ئەو ئەنجامانە پێنج بەربژێری کورد دەنگی پێویستیان بۆ چوونە پەرلەمان بەدەستهێناوە.

رۆژی یەکشەممە 11-9-2022، زیاتر لە 7 ملیۆن و 700 هەزار دەنگدەری سوێدی چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بە مەبەستی بەشداریکردن لە سێ هەڵبژاردندا، ئەوانیش هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی هەرێمەکان و هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەدا زیاتر لە 100 پارتی سیاسی و بەربژێری سەربەخۆ تێیدا رکابەرایەتیان کرد، هەروەها زیاتر لە 15 کورد بۆ پەرلەمان و دەیانی دیکە بۆ شارەوانییەکان بەربژێربوون.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان ئەم بەربژێرە کوردانەی هەرچوار پارچەی کوردستان، کە دەنگی پێویستیان بۆ چوونە پەرلەمان بەدەستهێناوە:

– قادر کاسیرگا، سۆسیال دیموکرات

– لاوێن رێدار، سۆسیال دیموکرات

– سەرکان کۆسە، سۆسیال دیموکرات

– گولان ئاڤجی، لیبراڵ

– سارا سیپێل، دیموکراتەکانی سوێد

هەروەها دوو بەربژێری دیکەی کورد لە پارتی لیبراڵ ئەگەری بەدەستهێنانی دەنگی پێویستیان هەیە بۆ چوونە پەرلەمان کە هەریەکە لە عەزیز ئاڵش و محەممەد حەسەنە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە.