“سپای پاسدارانی ئێران” لە ترسی سیناریۆی “پەیجەر” ئامێرەکانی پەیوەندیكردن قەدەغە دەكات
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوو بەرپرسی ئەمنیی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە لوبنان هەزاران ئامێری پەیوەندیی کە حزبوڵڵای لوبنان بە کاردەهات تەقێندرانەوە، سپای پاسداران فەرمانی بە سەرجەم ئەندامانی داوە کە هیچ ئامێرێکی پەیوەندیکردن بەكار نەهێنن.
سێشەممە و چوارشەممەی ڕابردوو، ژمارەیەكی زۆر ئامێری پەیوەندیی پەیجەر لە لوبنان بە ئەندامانی حزبوڵڵا تەقینەوە، بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، 39 کەس گیانیان لەدەستدا و سێ هەزار کەسیش برینداربوون.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمنییەوە ڕایگەیاند، سپای پاسدارانی ئێران “دەستیكردووە بە پشكنینیێكی بەرفراوان بۆ هەموو ئامێرەکان، نەک تەنها ئامێرەكانی پەیوەندیكردن.
ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ئەو ئامێرانە یان لە ناوخۆدا بەرهەمدەهێندراون یان لە چین و ڕوسیا هاوردە كراون.
ئەو بەرپرسە راشیگەیاند، کە تاران نیگەرانە لە دزەکردنی ئیسرائیل و بوونی “بریکارەکانی ئێران كە لەناوخۆی ئێران کار بۆ ئیسرائیل دەکەن” و دەستی بە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفرەوان کردووە کە سەرکردە ناوەند و پلە باڵاکانی سپای پاسدارانی گرتۆتەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئاماژەی بەوەشكرد كە “پشکنین بۆ هەژمارە بانکیەکانیان لە ئێران و دەرەوەی وڵات و مێژووی گەشتەکانیان و گەشتی خێزانەكانیان دەگرێتەوە”.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو بەرپرسە ڕەتیکردووەتەوە وردەکارییەکان بخاتەڕوو لەبارەی چۆنیەتی پەیوەندیكردن لەنێوان هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران کە ١٩٠ هەزار کەسی لەخۆوەدگرێت.