بڕیارە لەکۆتایی ساڵی 2026 هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەعێراق بکشێنەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زارى سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە رایگەیاند، بەغداد و واشنتن لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رێککەوتوون و بڕیارە لەکۆتایی ساڵی 2026 هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەعێراق بکشێنەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، بڕیارە سەدان کەس لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە بەغداد و رۆژئاوای عێراق لە ئەیلولی ساڵی داهاتوو بکشێنەوە و ئەو هێزانەشی لە هەرێمى کوردستانن لە کۆتایی ساڵی داهاتوودا دەکشێنەوە.

دوێنێ هەینی، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بەردەوام دەبێت، “بەڵام سەرنجەکەی لە سەربازییەوە بۆ هاوبەشییەکی ئەمنیی دووقۆڵی دەگۆڕدرێت.”

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم گۆڕانکارییە لەسەر بنەمای ئەوە دێت کە داعش هیچ خاکێکی لە عێراق بەدەستەوە نەماوە و ئاسایشی وڵاتەکە باشتر بووە، بەڵام “هەڕەشەی داعش هێشتا ماوە.”

بەگوێرەی پێنتاگۆن، هاوبەشییە دوو قۆڵییە نوێیەکەی نێوان ئەمریکا و عێراق سەرنج دەخاتە سەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، لەوانەش “هەژموونی میلیشیاکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.”

بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن رایگەیاند، “ئێران نایەوێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق بەهێز بێت.”

نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ هەینی رایگەیاند، رۆژی شەممە، 21-09-2024 سوودانی بە سەرۆکایەتیی شاندێک بەرەو نیویۆرک بەڕێ دەکەوێت، “بە مەبەستی بەشداریکردن لە 79یەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.”

پێنتاگۆن رایگەیاند، “ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پابەندییەکانی خۆی وەک پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رێگەی مەشقپێدان، پارەدارکردن، راوێژپێدان و بەشکردنی هەواڵگری.”

نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن؛ هەروەها 900 سەربازیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریان.

پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کاتێکدایە، لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سووریا و عێراق رووبەڕووی هێرشی موشەکیی و درۆنیی بوونەتەوە، لەلایەن گروپێکى چەکدارییەوە کە ناوى خۆیان ناوە بەرەى مقاوەمە.