ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد بۆ “نۆرس پرێس” وەک کاردانەوەیەک بەشداریکردنمان لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕاگرت

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەیسەڵ یوسف، وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، نوێنەرانی خۆیان لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕاگرت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو پێشێلکارییانەی كە لە عەفرین ئەنجام دەدرێت.

ئەم هەڵوێستەی ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد دوای ئەوە هات کە میلیشیاكانی سولەیمان شا کە بە “عەمشات” ناسراون، خۆپیشاندانی ژنانی گوندی كاخرەیان سەركوت كرد، لە گوندەواری عەفرین، خۆپیشاندانەكەش بەهۆی ئەوە دروست ببو كە ئەو میلیشیایە باجی سەپاندبووە سەر جوتیارانی كورد لە ناوچە داگیركراوەكانی رۆژئاوای كوردستان.

یوسف ڕاگرتنی بەشداریكردنیان لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا وەك ” ئامرازێکی گوشار” زانی بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و لێپرسینەوە لەگەل میلیشیای عەمشات و دوورخستنەوەی لە هاوپەیمانەتیەكە، بەو پێیەی نوێنەرێکی میلیشیاكە بەشداری کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانی بەشداریدەكات.

میلیشیای عەمشات یەکێکە لەو میلیشیانەی سوپای نیشتیمانی سوریا، کە قۆڵی سەربازی حکومەتی کاتی سوریایە و سەر بە هاوپەیمانێتییەكەیە.

وتەبێژی “ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا” ئاماژەی بەوەشكرد، کە ئەو بڕیارەیان دوای پەرەسەندنی ئەو دوایانە و پێشێلکارییەكان هات کە “هاووڵاتیانی مەدەنی کورد دەکەنە ئامانج، و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان، دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، جگە لە گۆڕینی سیستماتیکی دیمۆگرافی ناوچە كوردییەكان، سەپاندنی پارەی بەسەر هەموو دارێکی زەیتونی جوتیارانی كورد، و دانانی بەربەست بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی خەڵکی رەسەنی ناوچەكە”

لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا واشنتۆن سزای بەسەر میلیشیای عەمشات و سەرکردەکەی، محەممەد حسێن جاسم ناسراو بە ئەبو عەمشات سەپاند، “بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی گەورە لەدژی هاوڵاتییان لە باکوری سوریا”.

فەیسەڵ یوسف داوای پێکهێنانی لیژنەیەكی سەربەخۆی كرد بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلكارییە بەردەوامەکان و لێپرسینەوە لە بەرپرسان و لە ئەنجامدەرانی ئەو پێشێلكارییانە، و ڕاگرتنی هەموو ئەو تاوانانەی لە دژی هاوڵاتییانی کورد لە ناوچەكە ئەنجامدەدرێت، هاوڵاتییانی مەدەنی بپارێزرێن.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ئەنجومەنی نشتیمانی كورد لە سوریا، بە هۆی هێرشی تورکیا و میلیشیاكانی بۆ سەر سەرێ كانێ و گرێ سپی و داگیركردنی ئەو ناوچانە، تا ماوەیەك بەشداری لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانان نەكرد.

وتەبێژی ئەنجومەن نیشتیمانی هەروەها داوای گەڕاندنەوەی ئاوارە كوردەكانی، و کشانەوەی میلیشیا چەکدارەکانی كرد لە ناوچەی عەفرین.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە