حزبوڵای لوبنان کوشتنی 20 ئەندامی خۆی بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی ڕادەگەیەنێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، حزبوڵای لوبنان کوژرانی 20 ئەندامی خۆی بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیكردن ڕاگەیاند.
حزبوڵای ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە دەستی هەیە لە تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیكردن كە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە تەقینەوە و بونەتە هۆی برینداربوونی هەزاران ئەندامی ئەو حیزبە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵای بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەو ئەندامانەی حزبوڵای لە ئەنجامی تەقینەوەی ئامێرەکان كوژراون.
لای خۆیەوە فیراس ئەبیەز وەزیری تەندروستی لوبنان ئاشکرای کرد، کە کۆی گشتی کوژراوان لە ئەنجامی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیكردن لەم دوو ڕۆژی ڕابردوو گەیشتۆتە ٣٢ کەس و بە هەزاران كەسیش برینداربوونە.
بەگوێرەی کاربەدەستانی لوبنان، تەقینەوەكانی ڕۆژی چوارشەممە لە سەرانسەری ئەو وڵاتە كەیشتۆتە ٢٠ کوژراو و زیاتر لە ٤٥٠ بریندار.
بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای وتارێک سەبارەت بە ڕووداوەکە پێشکەش بکات.