سەرکردایەتی “هەسەدە” داوای چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی “داعش” دەکات

حەسەکە – نۆرس پرێس

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، دوێنێ شەممە، داوای كرد ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکانی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) چڕتر بكرێنەوە، و رێگری بكرێت لەو کەسانەی دەستیان لە بازرگانی بە مادەی هۆشبەر هەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی فورات و ئەنجوومەنی سەربازی رەقە کۆبووەوە.

بەپێی ناوەندەکە لە كۆبونەوەكەدا داواكراوە، ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکان دژی ئەندامانی ڕێکخراوی داعش چڕتربكرێنەوە کە بەردەوام هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات و خەڵكی سڤیلی رۆژئاوای كوردستان.

هەروەها داوا لە فەرماندەیی گشتی ئەنجومەنی سەربازی رەقە كرا كە “ كاری زیاتر بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانەکانی داعش و لایەنە دوژمنکارەکانی دیکە”.

داواشی لە ئەنجومەنی رەقە کرد بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان، رێوشوێنە ئەمنییەكان توند بكرێن، و ڕێگری بكرێت لە کێشە عەشایرییەکان، هەروەها داوای چڕکردنەوە ئەمنی كرا لەدژی بازرگانانی مادەی هۆشبەر.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان