واژۆکردنی 14 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان عێراق و ئێران

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە لە چوارچێوارەی سەردانەکەی سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان بۆ بەغدا، 14 یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەل عێراق واژۆ کرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، شاندی عێراق و ئێران لە بەغدا، کۆبوونەوە.

لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات و ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی داھاتووی لیژنەی باڵای ھاوبەشی نێوانیان لە بەغدا کراوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، و باس لە ھاریکاریی بنیاتنەرانە لە بواری پاڵاوتنی نەوت، پیشەسازی وزە و کەرتی تایبەت لە ھەردوو وڵاتدا کراوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندووە “سوورین لەسەر جێبەجێکردنی یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکان و تەواوکردنی پڕۆژەی بەستنەوەی ھێڵی ئاسنینی لە دەروازەی سنووریی شەلامچەی لە پارێزگای بەسرە”.

ئاماژەی بەوەشداوە کە لە بەرامبەردا، مەسعود پزیشکیان ڕایگەیاندووە کە ئێران و عێراق پەیوەندییەکی پتەو لەنێوانیاندا ھەیە و جەختی کردووەتەوە لەسەر خواستی وڵاتەکەی بۆ پێکەوە کارکردن بۆ پەرەپێدان بە ھاوبەشی ئابووری لەگەڵ عێراق.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە، لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی ھەردوو وڵات ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە بەردەوامی دەستدرێژییەکانی قەوارەی زایۆنی سەر غەززە، دەبێتە مایەی شڵەژانی ئاسایشی و سەقامگیری ناوچەکە و داوایان کرد، ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لەبەرامبەر فەڵەستینییەکان لە غەززە ئەنجام دەدەرێن بوەستێندرێن، ھەروەھا داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرا کە بەرپرسیارێتی خۆییان لەوبارەیەوە لەئەستۆ بگرێت.

ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، ھەردوو وڵات 14 یاداشتنامەی لێگتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئابووری، کشتوکاڵ، سەرچاوە سرووشتییەکان، پەیوەندییەکان، پاراستنی کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، پەروەردە، گەشتوگوزار، ڕۆشنبيری و ھۆنەر، شوێنەوار، مەشق و ڕاھێنانی پیشەیی، پەرەپێدان بە ھێزی کاری لێھاتوو و ھاریکارییەکانی نێوان ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ئێران، واژوو کراون.