داعش هێرش دەکاتە سەر بارەگا سەربازییەکان و بارهەڵگرەكانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی سوریا

دێرەزوور- نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، داعش هێرشی کردە سەر دوو بارەگای سەربازیی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق، هەروەها چەكدارەكانی بارهەڵگری نەوتیان لە ناوچەکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان كردە ئامانج.

سەرچاوەیەکی سەربازی ڕایگەیاند، چەکدارانی ڕێکخراوی داعش بە چەكی سووک و مامناوەند هێرشیان کردە سەر دوو بارەگای هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە بیابانی قورییە و مەیادیین لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، پێکدادانی توندوتیژ لەنێوان هەردوولا ڕوویدا، و ئەندامێكی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق كوژرا و سێ كەسی دیكەش برینداربوون، هاوکات چەکدارانی ڕێکخراوەکە گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان بۆ بیابانی ناوچەكە.

دوێنێ سێشەممە، دوو چەکداری نەناسراو بە ماتۆڕسکیلێکەوە کە پێدەچێت سەر بە داعش بن، هێرشیان کردە سەر بارهەڵگری نەوت لە نزیک بیابانی دەحلەی گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، لە ئەنجامدا زیانی ماددی گەورە بە بارهەڵگرەكان گەیشت.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان