دوای 13 ساڵ.. تورکیا بەشداری  لوتکەی عەرەبی دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

شەوی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی سێشەممە، بەشداری لە لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە دەكات، ئەمەش دوای 13 ساڵ لە ئامادەنەبوونی ئەنقەرە لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی.

بەشداریکردنی تورکیا لە لوتکەی کۆمکاری عەرەبی دوای چەند ڕۆژێک دێت لە سەردانەکەی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر بۆ ئەنقەرە، بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دوای چەندین ساڵ لە ناكۆكی.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەنقەرە بانگهێشتنامەیەکی پێگەیشتووە بۆ بەشداریکردن لە لە ١٦٢ەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی کە بڕیارە لە قاهیرە بەڕێوەبچێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە “ تورکیا بە سیاسەتی دەرەوەی بەهێز و کاریگەر بەشداری دەكات بە ئامانجی بەرقەرارکردنی سەقامگیری و ئاشتی بۆ ناوچەکە”.

بڕیارە هاکان فیدان لە میانی لوتکەکەدا وتارێک پێشکەش بکات و تیایدا باس لە “گرنگی پەیوەندییەکانی تورکیا و عەرەبی بکات و باس لە پرسە ناوچەكە و شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە” بکات.

داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان