هەسەدە دوو ئەندامی داعش لە گوندەواری حەسەكە دەستگیر دەكات
حەسەكە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستگیرکردنی دوو ئەندامی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی لە دوو ئۆپەراسیۆنی ئەمنی جیاوازدا ڕاگەیاند.
“هەسەدە” لە بەیاننامەیەكی فەرمی كە لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، “دوێنێ یەکشەممە، لە یەككاتدا و بە هاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دوو ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان لە گوندەواری حەسەکە ئەنجامداوە، و دوو تیرۆریستی سەر بە شانەکانی داعشیان دەستگیركردووە”
ڕوونیشیکردەوە، یەکەم ئۆپەراسیۆن لە گوندی “ئەلعەریشە”ی گوندەواری حەسەكە ئەنجامدراوە، لەوێدا تیرۆریستێك بەناوی “محەممەد محەممەد” دەستگیركراوە کە خەڵكی گوندی “ ئەلمەرعیە”یە لە گوندەواری دێرەزوور.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنی دووەم لە گوندی “ئەبیەز”ی گوندەواری شاری حەسەکە ئەنجامدراوە، و تیرۆریستێك بەناوی “حوسێن موسا” دەستگیركراوە کە خەڵکی هەمان گوندە.
لە بەیاننامەکەیدا ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو دوو ئەندامەی داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی تورکیاوە هاتوونەتە ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان و ئامانجیشیان ”ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی بووە، وەك تەقاندنەوەی ماتۆڕسکیل لە شاری حەسەکە” و ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش رۆژئاوای كوردستان بوو.