وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئیدانەی بۆردومانی ئیسرائیل دەكات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئیدانەی بۆردومانێكی ئیسرائیلی کرد، كە کە ناوچەی مەسیافی لە ناوەڕاستی سوریا كردە ئامانج.
شەوی یەکشەممە، ئیسڕائیل چەند ناوچەیەک لە مەسیاف بۆردومانكرد، بەهۆیەوە ٥٠ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و میدیاکانی ئیسرائیلیش ڕایانگەیاند، هێزی ئاسمانی “ناوەندێکی ئێرانی بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی چەک” کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی دیمەشق ئەو هێرشەی ئیدانەكرد كە بە “پێشێلكاری گەورە” بۆ سەر خاکی سوریا ناوی برد، و هۆشداریشیدا لە بێدەنگی نێودەوڵەتی، و رایگەیاند ئیسرائیل هەموو یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و یاساكان پێشێل دەكات.
داوای لە “هەموو وڵاتانی جیهان کرد ئەو دەستدرێژییە ئیسرائیلییە ئیدانە بکەن” بۆ کۆتاییهێنان بە “هێرش و تاوانە سیستماتیکییەکانی ئیسرائیل”.
وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی دیمەشق، ئەو هێرشەی خستە ئەستۆی ئەمریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا.