20 قوتابخانە بەهۆی بۆردومانەكانی تورکیاوە وێران بوونە و سەدان خوێندکاری گوندەواری حەسەکە لە خوێندن بێبەشن

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە بەرپرسێکی پەروەردەیی لە شارۆچکەی تل تەمری گوندەواری شاری حەسەکەی رۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرش و بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، 20 قوتابخانەی لە شاری تل تەمر وێران بوونە، كە سێ هەزار خوێندکاری لەو شارۆچکەیە بێبەش كردووە لە خوێندن.

خدر علێوی، هاوسەرۆکی بەرێوبەرایەتی قوتابخانەکان لە تل تەمر ڕایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بونەتە هۆی وێرانكردنی ژمارەیەکی “زۆر” لە قوتابخانەکان کە بە ٢٠ قوتابخانە مەزەندە دەکرێت، “کە بەشێكیان بە تەواوی وێران بوونە”.

دوێنێ یەکشەممە، ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ لە قوتابخانەکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەستیپێکرد، کە نزیکەی یەک ملیۆن خوێندکاری لەو ناوچانەدا هەن.

علێوی بە نۆرس پرێس راگەیاند، جگە لە وێرانكردنی قوتابخانەكان، هێرشەکانی تورکیا بونەتە هۆی ئەوەی هەزاران کەس گوند و ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و ئاوارەبن و پەنا ببەنە ناوچەکانی دیکە، ئەمەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، پەروەردەی رۆژئاوای كوردستان ناتوانێت ئەو هەموو قوتابییە لەو ژمارە كەمەی قوتابخەنە وەربگرێت، “بەتایبەت لەو ناوچانەی كە بەردەوام بۆردوماندەكرێن لەلایەن توركیاوە، جگە لەوەی دایک و باوکان ناتوانن بیانگوازنەوە قوتابخانەکانی شارەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان ”.

ئامادەکردنی: دلسوز یوسف – داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە