زیاتر لە 50 کوژراو و بریندار.. ژمارەی کوژراوانی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەڕاستی سوریا بەرزبۆوە
حەما – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە ئاژانسی هەواڵی “سانا”ی سەر بە حکومەتی دیمەشق ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەک لە ناوچەی “مەسیاف”ی لە گوندەواری حەمای ناوەڕاستی سوریا بۆ زیاتر لە ٥٠ کوژراو و بریندار بەرزبووەتەوە.
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر چەند خاڵێکی سەربازی لە مەسیاف دەستپێکرد و میدیاکانی ئیسرائیلیش ڕایانگەیاند، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، “ناوەندێکی ئێرانی بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی چەک”ی کردووەتە ئامانج.
فەیسەڵ حەیدەر بەڕێوبەری نەخۆشخانەی نیشتمانیی شاری مەسیاف ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 43 کەسی دیکەش برینداربوون کە شەش کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، “نزیکەی کاتژمێر 23:20 خولەکی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ئیسرائیلی دوژمن لە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوای لوبنانەوە هێرشی ئاسمانی دەستپێکرد و ژمارەیەک شوێنی سەربازیی لە ناوەڕاستی سوریا کردە ئامانج، و هێزەکانی بەرگری ئاسمانیمان ڕێگرییان لەو مووشەكانە كرد و هەندێکیان لە ئاسمانەوە تەقاندەوە”.
سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، بۆردومانەکە ناوەندی توێژینەوەی زانستی کردووەتە ئامانج.
لە ناوچەی “تەرتوس”یش لە کەناراوەکانی سوریا دەنگی تەقینەوە بیسترا و خەڵكی ناوچەكە لە تۆڕەگۆمەڵایەتییەكان ئاماژەیان بەوە کردووە، كە هێزەکانی بەرگری ئاسمانی حكومەتی سوریا بەرپەرچی موشەكی ئیسڕائیلییان داوەتەوە.
سوپای ئیسرائیل تا ئەو کاتەی هەواڵەکە ئامادە كراوە هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشەکەدا نەداوە.