چەكداری نەناسراو بارهەڵگری نەوت لە دێرەزوور بەئامانج دەگرن
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ شەممە، چەکدارانی نەناسراو تەقەیان لە بارهەڵگری نەوت كرد لە باکووری شاری دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
سەرچاوەیەک لە شارۆچکەی روێشدی گوندەواری باکووری دێرەزوور ڕایگەیاند، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو بە ماتۆڕسکیل تەقەیان لە دوو بارهەڵگری نەوت کرد، كە بەرەو یەکێک لە بیرە نەوتەکان دەڕۆیشتن لەسەر ڕێگای سەرەکی شارۆچکەی روێشد.
سەرچاوەکە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەئامانجگرتنەكە دوو بارهەڵگرەكە زیانیان بەرکەوت، هاوکات خاوەن بارهەڵگرەكان دەڵێن ئەندامانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە پشت هێرشەکەوەن، چونكە پێش ئێستا هەرەشەیان كردبوو.
لەم دواییانەدا چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە دژی خاوەن بارهەڵگرە نەوتییەكان و شۆفێران زیادی کردووە، كە بەردەوام داوای بۆ پێدانی “زەکات”یان لێ دەكەن.