رێکخراوی CPTـی ئەمریکی: شەوی رابردوو تورکیا لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە 24 جار بۆردوومانی هەرێمی کوردستانی کردووە

هەولێر – نۆرس پرێس

بەرپرسی دێسکى مافى مرۆڤى رێکخراوى CPT ئەمریکی رایگەیاند، شەوی دووشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 24 جار بۆردوومانی ناوچەكانی سێ پارێزگای هەرێمی کوردستانیان کردوە.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانیی عێراقیی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی بە میدیاكان رایگەیاند، شەوی رابردوو سوپای تورکیا بە شێوەیەکی زنجیرەیی و لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە، 24 جار بۆردوومانی ژمارەیەک ناوچەی لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی كردووە.

“هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی دامێنی گرێ بەهار و پشتی گوندی بەلاڤە لە قەزای ئامێدی، چیای حەوت تەبەق، گوندەکانی کەفنە مژێ، سپیندارێ و گیرگاشێ لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی، چیای کتکین و خواکوڕک لە قەزای سیدەکان،چیای کۆخە و شاخی تاڵە لە سنوری قەزای چۆمان و دەورووبەری گوندی قەڵاتوکان لە سنوری قەزای پشدەر و هەواری رەوەندەکانی گوندی کوێرەکانی و چیای ئاسۆس لە سنوری قەزای ماوەت.

بەگوتەی کامەران عوسمان، لە هێرشەکانی شەوی رابردووی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆسەر ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان، هیچ هاونیشتمانییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوى CPTـی ئەمریکی، ئەمساڵ بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە نۆ هاوڵاتی هەرێمی كوردستان گیانیانلەدەستداوە، کە پێنجیان لە چیای گارەبوون لە ئامێدی، سێ لە سنووری سیدەکان و یەک هاوڵاتیش لە سلێمانی بووە، هاوکات دوو هاوڵاتی لەمساڵدا بەهۆی بۆردوومانەکانەوە برینداربوون.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی (CPT) ـی ئەمریکی، کە ناوەڕاستی مانگی رابردوو بڵاویکردەوە، لەماوەی زیاتر لە 33 ساڵدا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانەوە 845 کەسی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیەش 425ـیان گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین قوربانییەکانیش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بووە.