لێدوانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا دەربارەی هەڵهاتنی ئەندامانی داعش لە زیندانێکی شاری رەقەدا

رەقە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە زیندانێکی شاری رەقە هەڵهاتبوو.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە پێنج ئەندامی داعش، “دوو ڕوسی، دوو ئەفغانی و لیبییەک”، لە ٢٩ی ئابدا لە زیندانێکی شاری رەقە هەڵاتوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیان ڕوسییەك بەناوەکانی عەبدولوەحید ئیخوان و لیبییەکە بەناوی محەممەد نوح محەممەد دەستگیربکەن، لەکاتێکدا گەڕان بەدوای سێ کەسەی دیکەدا بەردەوامە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات هیچ لێدوانێکیان لەبارەی ڕووداوی هەڵهاتنەكە و دەستگیرکردنەوەیان تا ئێستا نەداوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا کە بەدەست نۆرس پرێس كەوتووە، ئاشکرایکردوە، خالد ئەحمەد ئەلدەندەل کە پاڵپشتی بۆ ئەندامە هەڵهاتووەکان ناردووە، دەستگیرکرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەلدەندەل” لە یەكی مانگی ئەیلولەوە دەستگیرکراوە.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بڵاویکردەوە، گەڕان بەدوای ڕوسی، تەیمور تالبركەن عەبداش و دوو ئەفغانییەكە بە ناوەکانی شەعب محەممەد عەبدەلی و عەتا خالید زار بەردەوامە.

ژەنەڕاڵ مایکل ئێریک کورێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕایگەیاند، زیاتر لە 9 هەزار ئەندامی داعش لە زیاتر لە 20 زیندانی سەر بە هێزەکانی (هەسەدە) هەن، كە سوپایەكی داعشن لە زیندان.

هۆشداریشیدا لەوەی هەڵاتنی ژمارەیەکی زۆر لەو ئەندامانەی داعش مەترسییەكی زۆر بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەی دروست دەکات.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام دەبن، لەبەرەنگاربوونەوەی داعش و شکستی هەمیشەیی ئەو ڕێكخراوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا پاڵپشتیکردنی خۆی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتكردەوە بۆ شکستی هەمیشەیی داعش و سەقامگیری ناوچەکە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد