دوای ساڵێک… دووەم کاروانی سەربازی ڕووسیا- تورکیا دەستی پێکردەوە

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی سەربازی ڕووسیا كاروانێكی سەربازی هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی تورکیا لە گوندەواری ڕۆژئاوای کۆبانێی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدا.

هەفتەی ڕابردوو كاروانی یەكەمی ڕوسیا و تورکیا لە باکوری سوریا دەستیپێکرد، ئەمەش دوای نزیکەی ساڵێک لە وەستانیان بەهۆی هێرشەكانی تورکیا بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.

كاروانەكە لە هەشت ئۆتۆمبێلی سەربازیی ڕووسیا و تورکیا پێکهاتبوو، لە گوندی ئەشما بەڕێکەوتن کە ٢٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای کۆبانێوە دوورە.

بەرەو ڕۆژئاواوە رویشتن، بە گوندەکانی؛ چارقەلی سەروو، جبنە، مشكۆ، بیندەر، قراقەوی خواروو، قۆلا و سۆسان تێپەڕێن، تا گەیشتنە بازگەی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان لە ناوچەی ئیزاعە لە ڕۆژئاوای کۆبانێ.

كاروانە هاوبەشەکە دوای تێپەڕین بە گوندەکانی؛ سەفتك، بۆبا، و خۆرخوری، دیكمداش، قەران و چارقلی گەڕایەوە بۆ خاڵی دەستپێکی خۆی بۆ گوندی ئاشما.

ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی تورکیا لە دەروازەی نزیک گوندی “ئاشما”ەوە چونە نێو خاكی خۆیان، ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ڕووسیاش گەڕانەوە بۆ ناوەندەکەیان لە شارۆچکەی سرین لە باشووری کۆبانێ.

دووشەممەی ڕابردوو، ڕووسیا و تورکیا كاروانێكی هاوبەشیان لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ ئەنجامدا، کە لە گوندی غەریبەوە دەستیپێکرد، بەدووری 15 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان