تورکیا 20 هەزار پەنابەری سوریای دیپۆرت كردەوە

حەلەب – نۆرس پرێس

مانگی ئابی ڕابردوو، دەروازەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا زۆرترین ڕێژەی دیپۆرتکردنەوەیان تۆماركرد لەم ساڵدا، و دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوامن لە دەرکردنی سورییەکان بە بیانووی “گەڕانەوەی خۆبەخشانە”.

کارمەندانی دەروازەکانی باکووری ڕۆژئاوای سوریا ڕایانگەیاند، دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 19200 پەنابەر، كە لەنێویاندا 4850 ژن و منداڵ و كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیان تێدابوو، لە ڕێگەی پێنج دەروازەی باکوری سوریا دیپۆرتکردووەتەوە، و دیپۆرتکراوەکانیش رادەستی دەسهەڵاتی میلیشیاكانی توركیا كران لە سوریا.

لە دەروازەکانی باب سەلامە و راعی و جەرابولۆس لە باکوری حەلەب زیاتر لە 11000 سوری دیپۆرتكراونەتەوە، و لە دەروازەی باب هەوای باکووری ئیدلب 6300 پەنابەر كە نزیكەی 1900یان ژن و منداڵ بوون دیپۆرتكرانەوە، هاوکات لە دەروازەی گرێ سپی لە ماوەی مانگی ئابی ئەم ساڵدا 2100 كەس دیپۆرتی سوریا كراونەتەوە.

دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی سورییەکان لە تورکیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیادی کردووە، دوای هێرشی ڕەگەزپەرستییەکان دژی سوریەكان لە توركیا، ئەنقەرە گەڕانەوەی سورییەکان بە “خۆبەخشانە” ناو دەبات، لە کاتێکدا زۆربەی گەڕاوەکان ڕەتیدەکەنەوە فۆڕمی گەڕانەوە بۆ سوریا واژۆ بکەن، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکاتەوە بارودۆخ لە سوریا نالەبارە بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: تەیسیر محەممەد