بەرپرسێکی ئەمریکا پلانی وڵاتەکەی سەبارەت بە رۆژئاوای كوردستان و سوریا ئاشکرا دەکات

دیمەشق – – نۆرس پرێس

شەوی شەممەی ڕابردوو، بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هیچ پلانێک نییە بۆ کشانەوەی لە سوریا، جەختی لە ئامانجی هاوبەش هێزەكانی ئەمریكا و هێزەکانی سوریای دیموکرات کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە دەرکەوتنەوەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

 ئیتان گۆڵدڕیج، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک و بەرپرسی مەلەفی سوریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند، “واشنتۆن پابەندە بەو هاوبەشییەی كە لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکانی سوریا هەیەتی” وەك ئاماژەیەك بە هێزەكانی “هەسەدە”.

ناوبراو لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی “شرق ئەلئەوسەت” رایگەیاند، سەرنجی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر ڕێگریکردنە لە دەرکەوتنەوەی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوە، “ئێمە هێشتا پابەندین بەو ڕۆڵەی کە دەیگێڕین لەو بەشەی سوریا، هەروەها بەو هاوبەشییەی کە ئێمە کۆدەکاتەوە لەگەڵ ئەو هێزە ناوخۆییانەی سوریا، ئێمە لەگەڵیاندا کاردەکەین، و پێویستە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئەو مەترسییەبكەین”.

لەبارەی هەڵوێستی واشنتۆن سەبارەت بە ئاساییکردنەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، گۆڵدریج وتی کە سیاسەتی واشنتۆن وەک خۆیەتی و ئێمە هیچ پرۆسەیەکی ئاساییکردنەوە پەیوەندییەكان لەگەڵ “ڕژێمی سوریا” ئەنجام نادەین تاوەکو پێشکەوتنی “راست و بەردەوام” ببینین لە بڕیارنامەی ٢٢٥٤دا.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە