سەدان بۆردومان و هێرشی ئاسمانی… ئەنجوومەنی سەربازی مونبج ئاماری هێرشەکانی تورکیا ئاشکرا دەکات
مونبج – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنی سەربازی مونبج ئاماری هێرشەکانی مانگی ئابی سوپای تورکیا و میلیشیاكانی، بۆ سەر ناوچەی “مونبج”ی باکووری سوریا، ئاشکرا کرد.
لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای تورکیا 11 هاوڵاتی مەدەنی کە لەنێویاندا منداڵ و ژن هەن برینداربوون.
لە بەیاننامەکەدا کوشتنی حەوت چەکداری میلیشیاكانی ئەنقەرە و برینداربوونی ٢٢ چەکداری دیکە راگەیێندراوە.
چوار ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازی مونبج لە کاتی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەدا گیانیان لەدەستدا.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی ئەم مانگەدا توبخانەكانی سوپای تورکیا و میلیشیاكانی ٨٤٢ تۆپیان ئاراستەی گوندەواری باکور و ڕۆژئاوای مونبج کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەربازی مونبج چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە، هاوکات حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش لە گوندەکانی مونبج خۆیان تەقاندووەتەوە.