“ئاسایش” بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە سەبارەت بە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە شاری قامشلۆ

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان، سەبارەت بە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە قامشلۆ و گیانی لەدەستدانی ژنێک و کوڕەکەی، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ژنێک و کوڕەکەی لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان لە گەڕەکی عەنتەرییەی ڕۆژهەڵاتی شاری قامشلۆ، گیانیان لەدەستدا، ئەوەش دانیشتووان ئەو شارەی تۆرەكرد لەبەرامبەر بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی سڤیل.

ئاسایش لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئاب، ڕێک لە کاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ، تەقینەوەیەک لە شاری قامشلۆ ڕوویدا، کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری هیۆندای ڤان لە بەرامبەر ناوەندی پۆستە لە گەڕەكی عەنتەرییە تەقییەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەقینەوەکە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هاوڵاتی مەدەنی، كە دایكێك و كوڕەكە بوون.

ڕوونیشیکردەوە، بەپێی ئەو لێکۆڵینە سەرەتاییەكان، دەرکەوتووە “هۆکاری تەقینەوەکە بۆمبێكی لكێندراو بووە بە ئۆتۆمبێلەکە، هێزەکانی ئاسایشیش دەستیان بە لێکۆڵینەوەی کردووە”

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دانیشتووانی ئەو شارەی لە هەر جموجۆڵێکی گوماناوی ئاگادارکردەوە و ڕێنماییم دا کە زانیاری بە ئاسایش بدەن بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.

داڕشتنەوەی: سەعد یازجی