شەنگال..درۆنێکی تورکی بۆردومانی ئۆتۆمبیلێک دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوە ئاگادارەکان لە قەزای شنگال  رایانگەیاند، بۆردومانێکی ئاسمانی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە؛ ئۆتۆمبێلێکی لە گوندێکی باکووری قەزاکە کردوەتە ئامانج.

سەرچاوەیەکی میدیایی لە شنگال، بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، ئەو بۆردومانە ئاسمانییەی کە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە؛ ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگای بەیەکەوە بەستنەوەی هەردوو گوندی بارا و بەهاراڤا لە باکووری چیای شنگال، کردە ئامانج کە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی سنونین.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرچاوەی هێرشەکە ساغ نەکراوەتەوە، بەڵام پێدەچێت تورکیا بێت؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ناوچەکە هێرشی دووبارەی لەمجۆرە بەخۆوە دەبینێت؛ کە بە فڕۆکەی جەنگی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی ئەنجام دەدرێن.

سەرچاوەیەکی دیکەی ناوخۆیی ڕایگەیاندووە کە بۆردومانەکە لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە بووە و وا دیارە ئۆتۆمبێلێکی سەر بە یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگالی نزیک بارەگای سوپای عێراق کردبێت بە ئامانج.

تا ئێستا زیانی مرۆیی و ماددی ئەو بۆردومانە نەزانراوە.

ئامادەکردن و داڕشتن: هۆزان زوبەیر