بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا.. زیانەکان چین؟

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە سەرچاوەیەکی سەربازی ڕایگەیاند، زیاتر لە 30 ئەندامی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆكەخانەی شەعیرات لە حومسی ناوەڕاستی سوریا کوژراون كە لەنێویاندا ئەفسەر بە پلەی مولازم هەن.

ئێوارەی هەینی ڕابردوو چەند شوێنێک لە گوندەواری شاری حومس و حەما، لەلایەن ئیسرائیل بۆردومان كران، بەڵام هێزەکانی حکومەتی دیمەشق زیانەکانی ئەو هێرشەی ئاشکرا نەکرد، هەروەها ئیسرائیلیش هیچ لێدوانێکی لەسەر بە ئامانجگرتنەكە نەدا.

ئەو سەرچاوەیە کە لە دەوروبەری شوێنی بۆردومانەکەدا کاردەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی ئیسرائیل سێ کۆگای مووشەکییان کردۆتە ئامانج لە فڕۆکەخانەی شەعیراتی گوندەواری حومس کە بە کۆگاکانی ئەبو لەبەن ناسراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئێران لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە بوون و هیچ زیانێكیان بەر نەكەوت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بۆردومانەکە بەهۆی ئەو پاڵپشتییە سەربازییانەی ئێران بوو بۆ حزبوڵای لوبنان، بەتایبەتی لە ناوچەی حومس كە نزیك لوبنانە.

هەروەها بۆردومانەکە مەفرەزەیەکی هەواڵگری هێزی ئاسمانی لە گوندێکی دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کردە ئامانج و بەهۆیەوە بە تەواوی سوتا.

ئامادەکردنی: ئاردۆ جوید – داڕشتنەوەی: تەیسر محەممەد