فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کوژرانی سەرکردەیەکی گرووپی “پاسەوانانی ئایین” لە سووریا ڕادەگەیەنێت
قامشلۆ – نۆرس پرێس
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، کوشتنی سەرکردەی دیاری ڕێکخراوی “پاسەوانانی ئایین”، “ئەبو عەبدولڕەحمان ئەلملكی” راگەیاند.
دوێنێ هەینی، سەرچاوە سەربازییەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاند، سەرکردەیەکی پێشووی ڕێکخراوی “قاعیدە” لە بۆردوومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە پێدەچێت سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بێت کوژراوە، ئەویش لە بەئامانجگرتنی ماتۆڕسکیلێک لە ناوچەی جەبەل زاوییە لە ئیدلبی باکووری ڕۆژئاوای سوریا.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “ئەلملكی” ئەندامی ئەنجومەنی شورای “پاسەوانانی ئایین” بووە و “بەرپرس بووە لە سەرپەرشتیکردنی كردەوە تیرۆریستییەکان لە سوریا”.
ژەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا رایگەیاند: “فەرماندەیی ناوەند پابەندە بە شکستی هەمیشەیی تیرۆریستان کە هەڕەشە لە ئەمریکا و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە دەکەن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “پاسەوانانی ئایین” هێزێکە سەر بە قاعیدەوەیە و بنکەکەی لە سوریایە، هەروەها هاوبەشی “ئەلقاعیدە”یە لە خواستە جیهانیەکانیدا بۆ دەستپێکردنی هێرش دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا.